شەش ئەندامەكەی باڵی ریفۆرم وەڵامی نووسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نادەنەوە
كارزان هەورامی. هەولێر
سكرتێری رۆژنامەوانیی وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت بەهۆكاری وەڵامنەدانەوەی نووســـــراوی مەكتەبی سیاسی، شەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی سڕكراون، ئەندامێكی باڵی ریفۆڕمیش بڕیارەكە بە ناشەرعی وەسفدەكات.
لە كۆبوونەوەی رۆژی 25/5ی كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، بڕیاردرا ئەگەر شەش ئەندامی سەركردایەتی ئەو حزبە تاوەكو رۆژی 2/6 بەنووسراوی فەرمی خۆیان یەكلانەكەنەوە، لەناو ریزەكانی یەكێتی سڕدەكرێن، لەمبارەوە (ئارێز سۆران) سكرتێری رۆژنامەوانیی وتەبێژی یەكێتی، دوێنێ بە كوردستان راپۆرتی گوتی "بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی بڕیار دراوە، ئەو شەش ئەندامە تەجمید بكرێن و ئەندامییەتییان تاوەكو كۆنگرەی داهاتوو هەڵپەسێردرێت".
لەبارەی ئەم بڕیارەی كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتیشەوە (سەفین مەلا قەرە) ئەندامی باڵی ریفۆرم بە كوردستان راپۆرتی راگەیاند ئەندامانی دەسەڵاتداری یەكێتی بۆ خۆیان قسە دەكەن، ئەوان مافی ئەوەیان نییە ئەو شەش ئەندامە لە ریزەكانی یەكێتی دەر بكەن.لەبارەی چۆنیەتی شەرعیبوونی بڕیارەكەشەوە، سەفین مەلا قەرە گوتی "هەشت ساڵە كۆنگرە نەگیراوە، كە بەپێی پەیڕەوی یەكێتی دوو ساڵ پێشی ئێستا دەبووایە كۆنگرە بكرایە، كە نەشكراوە، ئەوان هیچ شەرعییەتێكییان نییە". لەبارەی بەكرداریبوونی بڕیارەكەشەوە گوتی "لە پەیڕەوی یەكێتیدا ئەوە دیاریكراوە كە چۆن ئەندام تەجمید دەكرێت، هەر بۆیەش ئەو بڕیارە هیچ شەرعییەتێكی نییە و یاسایی نابێت". سەبارەت بە هۆكاری وەڵامدانەوەی نووسراوی فەرمی كۆبوونەوەی كۆمیتەی سەركردایەتیش سەفین مەلا قەرە دووپاتیكردەوە ئەوان بۆ كۆمیتەی سەركردایەتی یەكێتی بانگێشت نەكراون و گوتی "بۆیە ئەو كۆبوونەوەیە شەرعییەتی نییە، دەسەڵاتدارانی ئێستای یەكێتی لە پەیڕەو پڕۆگرامی حزب دەرچوون".
سكرتێری رۆژنامەوانی وتەبێژی یەكێتیش سەبارەت بە بڕیاری شەرعیبوونی كۆبوونەوەی كۆمیتەی یەكێتی گوتی"ئەو شەش ئەندامە خۆیان یەكلاكردووەتەوە، بڕیاریانداوە كار بۆ "لیستی گۆڕان" بكەن، لێرەشدا ئەو مافەیان لە یەكێتی نامێنێت ". لە وەڵامی ئەوەشەوە سەفینی مەلا قەرە رایدەگەیەنێت ئەوان هەر یەكێتین.