بەردەوامبوونی قەیرانی پێکھێنانی حکومەت فهرید ئهسهسهرد 18/7/2010 مەگەر تەنھا لەلوبنان، پاش ھەر ھەڵبژاردنێک، پێکھێنانی حکومەت ماوەیەکی زۆری پێ چووبێ، بەڵام لەو سۆنگەیەوە کە ھەلومەرجی عیراق و لوبنان لەڕووی پێکھاتەو سیستمی سیاسییەوە، تائەندازەیەکی زۆر لەیەک دەچێ، کێشە سیاسییەکانی نێوان ھەردوو وڵات یەک رەنگدانەوەیان ھەیە. دەکرێ ھۆی گیروگرفتی عیراق لەدوو فاکتەری سەرەکیدا کورت بکرێنەوە. یەکەمیان ئەوەیە کە لەھەلومەرجی ئێستای عیراقدا ئەستەمە ھیچ گروپێک لەھەڵبژاردندا زۆرینەی رەھای دەنگەکان بەدەست بێنێ. کاتێک ھیچ لایەنێک نەیتوانی لەھەڵبژاردندا زۆرینەی رەھای دەنگەکان بەدەست بێنێ، ھیچ زۆرینەیەک لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا پەیدا نابێ و بەھۆی ئەمەوە لایەنی براوە بۆ ئەوەی بتوانێ حکومەت پێک بێنێ، دەبێ ھاوپەیمانی لەگەڵ لایەنێک یان لەگەڵ چەند لایەنێکی تردا پێک بێنێ. ئەم مەسەلەیە زۆرتر لەو وڵاتانەدا روو دەدا کە سیستمەکەیان پەرلەمانییەو لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دوو وڵاتە بەسیستم پەرلەمانییەکەی تورکیاو ئیسرائیل زۆرجار بەو ئەزموونەدا تێپەڕیون. بەم پێودانگە، دەشێ ئەم گیروگرفتە تایبەت بێ بەھەموو ئەو وڵاتانەی کەسیستمی حوکمڕانی تیایاندا پەرلەمانییەو بەم پێیە عیراق لەم گیروگرفتە بەدەر نییەو یاساکان ناتوانن رێگە چارەیەکی گونجاو بۆ دووبارە نەبوونەوەی قەیرانی پێکھێنانی حکومەت بدۆزنەوە. فاکتەری دووەمیان زیاتر پەیوەندی بەناڕۆشنی دەقە دەستوورییەکانەوە ھەیە کەکارێکی وایکردووە دەقێک چەند مانایەک لەخۆ بگرێ یاخود بەشێوەی جیاواز لێک بدرێتەوە. ئەمە مادەی ٧٦ دەگرێتەوە کە تائێستا بڕگەی یەکەمی کە تایبەتە بەفراکسیۆنە گەورە بەژمارە زۆرەکە دوو شرۆڤەی لەناو دەسەڵاتی دادوەریدا ھەیە، یەکێکیان شرۆڤەکەی دادگای باڵای فیدرالە کەپێیوایە بڕگەکە ھەم لیستی براوەی ھەڵبژاردن دەگرێتەوە ھەم گەورەترین لیستی ناو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوی تریان شرۆڤەی مەدحەت مەحمودی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە کەباوەڕی وایە بڕگەکە تەنھا ئەو فراکسیۆنە دەگرێتەوە کە لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا گەورەترین لیست پێکدێنێ. لەم سەروبەندەشدا لیستی عیراقییە شرۆڤەی خۆی ھەیەو ھەردوو شرۆڤەکەی دەسەڵاتی دادوەری رەت دەکاتەوەو لەو لاشەوە لیستی دەوڵەتی یاسا شرۆڤەکەی دادگای باڵای فیدرال و لیستی عیراقییە رەت دەکاتەوە تەنھا پشتیوانی لەشرۆڤەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دەکا. بوونی فرە شرۆڤەیی، بەتایبەتی لەناو دەزگایەکدا کەبەپێی مادەی ٩٠ ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری دەستە دادوەرییەکانی پێ سپێردراوەو یەکێ لەدەزگاکانی کە دادگای باڵای فیدرالە بەپێی مادەی ٩٣ ئەرکی راڤەکردنی دەقەکانی دەستووری خراوەتە ئەستۆ، کێشەیەکی زۆر دەنێتەوەو کاریگەریی خراپ لەسەر بەڕێوەچوونی کاروباری دەوڵەت بەجێ دێڵێ. یەکێ لەگرنگترین ئەرکەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، پاش کۆتایی ھاتنی قەیرانی پێکھێنانی حکومەت، چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکی دەستوورە، بەتایبەت مادەی ٧٦و لەم سەروبەندەدا دەبێ دەقێکی رۆشنتر جێی بگرێتەوە کەھیچ گێچەڵی لێ نەکەوێتەوەو ھیچ دەرفەتێک بۆ دووبارەبوونەوەی قەیرانی ئەمجارە لەڕووی راڤەکردنی دەقەوە نەھێڵێتەوە. دەستکاری کردنی دەقەکە ناتوانێ چارەسەرێکی ربشەیی بۆ درەنگ پێکھێنانی حکومەت پاش ھەڵبژاردن دابنێ، بەڵام دەتوانێ بەشداربێ لەکەم کردنەوەی ماوەی پێکھێنانی حکومەت و لەم رێگەیەوە دەتوانێ سەرەنجامە خراپەکانی قەیرانەکە کەم بکاتەوەو ھەلێکی باشتر بۆ رێککەوتنی لایەنەکان پێک بێنێ.