كورته چیرۆک: که‌لاوه
مسته‌فا شێخه
له به‌ر ژانی شان و پیل و قاچه‌کانت ئارام و قه‌رارت نه‌ماوه. هه‌موو له‌شت ده‌ڵێی ده دم ماران دایه. شه‌قام و بازاڕ و حه‌شامه‌تی ناو شار که‌وتوونه‌ته په‌راوێزی ژان و برکی له بڕان نه‌هاتووی ئه‌ندامه‌کانی له‌شت. ئه‌وه ده‌مێکه به‌م ئازاره‌وه ده‌ناڵی. هه‌موو جارێ به‌ر له ده‌س پێکردنی، له‌به‌را پێستی له‌شت ده‌زووله ده‌کا. وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌ره‌و ته‌زین بڕۆی. ئه‌مجار ته‌پ ده‌بی و داده‌هێزێی، ورده ورده مچوڕکی ژانێکی وشک له سه‌رته‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌داو به ده‌ماره‌کانتدا به‌ره‌و ماسوولکه‌ی مل و شان و پیل و هه‌ردوو لاباڵ و جومگه‌ده‌ست و هه‌ردووک ئه‌ژنۆکانت و, له ئاخردا په‌نجه‌کانی ده‌ست و پێت داده‌گه‌ڕێ. ئه‌وکاته‌یه مچوڕکی وشکه ژانه‌کان وات لێده‌که‌ن خۆت بخزێنیه شوێنێک و هه‌ر چۆنێک بێ چاره سه‌رێکی خۆت بکه‌ی. جاران زۆر له‌وه باشتر بووی. له به‌را به حه‌بێک، تۆزه ده‌رمانێک یان خۆت گوته‌نی به تۆزێک له سندانه خۆشه‌که داده‌مرکای. ئێستا کار له کار ترازاوه. تۆزی سندانه خۆشه‌که‌ش داتنامرکێنێت، ده‌ردی ئه‌مجاره له جاری پێشوو گرانتره. هه‌ر وه‌ک هی جاری پێشووش له‌هی جاری پێشتر و هی پێشتریش له‌وی به‌ر له‌خۆی. لا له حه‌شامه‌تی سه‌ر شه‌قام و بازاڕ ده‌که‌یه‌وه، ده‌زانی هه‌رچه‌نده هه‌وڵ بده‌ی که‌س نه‌زانێت به چ ئازارێکه‌وه ده‌ناڵی، به‌ڵام له‌وه تێپه‌ڕیوه بکرێت خۆت له نیگای وردبینی به‌شێکی که‌م له‌و حه‌شامه‌ته زۆره‌ی وه‌ک مێروو خه‌ریکی هاتوچۆ و کێشه‌وه‌ن، بدزییه‌وه. هه‌تا به سه‌ر ژانه‌کانتا زاڵ بی و له‌نگه‌ری له‌شت بپارزی، به‌شێکی که‌متر لێت تێده‌گه‌ن. هه‌وڵ ده‌ده‌ی هه‌نگاوه‌کانت قورس و قایم بن. زگت ده‌قوپێنی و سنگت ده‌ده‌یه پێشه‌وه. ئه‌وه‌یان له به‌ر ئه‌وه‌ی رواڵه‌تی و درۆ و ده‌سکرده، هه‌ر خۆی لێت له هه‌ڵلا ده‌دات. دوا جار خه‌ریکه ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به چه‌پۆک و پێله‌قه‌ش مێشکیان رووداوێکی تازه‌ی بۆ قووت نادرێت، لێت تێ بگه‌ن. ته‌وژمی ئێش و ئازار نیگات وه‌ک ته‌یرێکی وێڵ بۆ شوێنێکی کپ د‌ه‌گێڕی، خۆتی تێ بخزێنی. له‌وبه‌ر شه‌قام قوژبنی هۆده‌یه‌ک له‌بینایه‌کی کۆنی رووخاودا به‌دی ده‌که‌ی که ماوه‌یه‌که ژوانگه‌ی ئه‌م ساته وه‌ختانه‌ته. خۆت له ناو زبڵوزاڵ و کوته‌مقه‌باو شووشه شکاو و له‌ته ئێسقانی کڕووساوه‌ی ناو هۆده داڕووخاوه که‌دا ده‌بینیه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی به لاباجه گچکه‌ی لای شه‌قامه‌که‌دا بڕوانیه ده‌ره‌وه نه‌کا که‌سێک هه‌ستی به‌بوونت له که‌لاوه‌دا کردبێ، ده‌ستت له سواغی دیواره‌که قایم ده‌که‌ی. سواغه‌که لێ ده‌بێته‌وه و داده‌ڕووخێ. به سه‌ر لووتدا ده‌که‌وی. به بێ وازی خۆڵ و کا و کۆت و لیکاوی ده‌مت داده‌ماڵی، ده‌ست به به‌ینی سواغ و دیواری گۆشه‌ی هۆده داڕماوه‌که داده‌که‌ی. نایلۆنێکی ره‌شی لوولدراو ده‌رده‌کێشی. سوره‌نگێکی زه‌رد هه‌لگه‌ڕاوی چڵکنی تێدایه. بۆ ئه‌وه‌ی تۆزی لێ بته‌کێنی، فوویه‌کی به قه‌وی پێدا ده‌که‌ی، لێوه‌کانت بۆ کۆ نابنه‌وه. به‌شێکی که‌م له بای فووه‌که‌ت به‌ر سوره‌نگه‌که ده‌که‌وێت. ده‌س به پزووی پاتۆڵه شڕه‌که‌ت داده‌که‌ی. له لای که‌له‌که‌وه به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌ڕۆی و گنجی پاتۆله‌که‌ت بۆ پشته‌وه به‌ڕێ ده‌که‌ی. شووشه کۆنێکی گچکه به ته‌نیشت دێخوونه‌که‌تدا ده‌رده‌که‌وێت. هه‌رخۆت ده‌زانی چیان بۆ تێکردووی. خۆشت نازانی، چونکه کاتێ وه‌رت گرت، شه‌و بوو. زیبکه به‌ردێکت به شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌یان دادا و له به‌ر ده‌رگا راوه‌ستای. ده‌رگاکه به قه‌را هاتنه ده‌ره‌وه‌ی مشته کۆڵه‌یه‌ک درزی دا. پاره‌که‌تی له چنگت ده‌رهێنا و ئاودیوی ده‌روازه‌که بۆ‌وه و له گه‌ڕانه‌وه‌دا ئه‌م شووشه‌یه‌ی له مشتت نا. سه‌ره ده‌رزی خوارو خێچی سوره‌نگه‌که‌ت راست ده‌که‌یه‌وه. لاستیقی زاری شووشه‌که فڕێ ده‌ده‌ی. هه‌رچی له ناوی دایه به سوره‌نگه‌که هه‌ڵیده‌قوڕێنی. قۆڵی راستت هه‌تا پشت ئانیشک هه‌ڵده‌ماڵی. به‌شوێن ره‌گێکدا ده‌گه‌ڕێی پۆرگی نه‌دابێ و خوێنی تێ نه‌زابێ. کوته نایلۆنه ره‌شه‌که‌ت هه‌ڵدڕی. تیسماڵێکی درێژی لێ ساز ده‌که‌ی و بۆ ئاوسانی ره‌گه‌کانی لای خواره‌وه توند له قۆڵتی ده‌هاڵێنی. به‌شێک له ره‌گی لاباڵت له مابه‌ینی چه‌ند پۆرگاندا خۆی حه‌شار داوه. نووکی ده‌رزیه‌که‌ی پێدا ده‌که‌ی. لیچی به‌ره‌وه‌ت وه‌به‌ر ددانه گڕه‌کانت ده‌ده‌ی و سوره‌نگه‌که‌ی لێ ده‌گوشی. ورده وه‌رده ژانی له‌شت داده‌مرکێ. که‌یفت خۆش ده‌بێت. دادێیه سوێند و ئایه‌تان ئاخر جارت بێ. بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر تووشی ئه‌م هه‌ڵه‌یه نه‌بیه‌وه چه‌ند شوێنێکی دیکه‌ی له‌شت به پۆلووی جگه‌ره دا‌غ ده‌که‌یه‌وه. ژانی له‌شت ته‌واو ده‌بێت. له گۆشه‌ی که‌لاوه‌که بۆی داده‌نیشی. له‌شت سووک ده‌بێت، به ناو خه‌یاڵاتی رابردووتا هه‌ڵده‌فڕی. حه‌زت له بیره‌وه‌ریه خۆشه‌کانه. ئه‌گه‌ر بۆت بلوێ ئه‌وانه‌ی به دڵت نین بژاریان ده‌که‌ی و تووڕیان هه‌ڵده‌ده‌ی، که‌چی هه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کی به له‌زه‌ت که‌وتۆته گه‌مارۆی چه‌ندی تاڵ و دێوه‌زمه ئاسا، له حاندیان چاو ده‌نووقێنی و گوێ داخنی. له ناو په‌ڕه‌ی مێشکت‌دا په‌ل داوێن و زه‌ق ده‌بنه‌وه. ئه‌وه‌نده به ده‌ماغی له ده‌ستت دێ له هه‌ر شوێنێک دڵت بخوازێ ده‌ست پێ بکه‌ی. گڵۆپی ره‌نگاو ره‌نگ له هه‌ر چوار لای ژووره‌که هه‌ڵده‌بوون و ده‌کوژانه‌وه. سوور، شین، نارنجی، زه‌رد.. خێرا خێرا ره‌نگی جلوبه‌رگ و روخساری به‌شدارانی هه‌ڵپه‌رکێ ده‌گۆڕا. سوور، شین، زه‌رد، نارنجی.. ژنه‌کان هه‌ریه‌که‌و ره‌نگێکیان لێ ده‌کاڵێته‌وه. له سووچێک راوه‌ستابووی، هه‌ر ژنه‌و پڕی به پیاوێک داده‌کرد و به‌ره‌و ناوه‌ندی هۆڵه‌که‌ی ده‌برد و به یه‌که‌وه هه‌ڵده‌په‌ڕین. ئه‌م شێوه‌ی هه‌ڵپه‌ڕینانه‌ت ته‌نیا له شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و له ناو فیلمه‌کان دا دیتبوو، ده‌سته‌کان لێک گرێ ده‌دران و به‌رز ده‌بوونه‌وه. ژنه نیوه رووته‌کان هه‌وه‌سیان لێ ده‌باری. پرچه ره‌نگ کراوه‌کان ساتێ له سه‌ر دۆڵایی پشته‌کان ئارامیان نه‌ده‌گرت. ده‌ڕژانه سه‌ر شان و ده‌گه‌ڵ هه‌ر چه‌رخ و سووڕانێکدا چنگیان داویشته مه‌مکان و ده‌گه‌ڕانه‌وه. کراسه کورته‌کان به هۆی سووڕان و باوه‌خولێ بایان ده‌کرد و ڕه حه‌وا ده‌که‌وتن. هه‌تا باوه‌خولێ خێراتر ده‌بوو ئه‌ستوورایی رانه‌کان ئه‌ستوورتر ده‌بوون و دوو دوو تێکه‌ڵ ده‌بوونه‌وه. ده‌سته ناسک و په‌نجه باریکه‌کان هه‌موو پیاوه‌کانی ده‌ورو به‌رتیان راکێشا. بای فێنکی کۆلێره‌کان بۆنی عه‌تر و ئودکڵۆن و ماتیک و سووراو سپیاویان به هه‌موولایه‌ک داده‌دا. هه‌ستت به غه‌ریبی ده‌کرد. غه‌ریبییه‌کی کوشنده، غه‌ریبییه‌ک تێکه‌ڵاوی هه‌ستی به‌ره‌و ته‌قینی پیاوه‌تیت. ده‌نگی به‌رزی مۆسیقا هاوشانی سووڕان و چه‌رخ و خولی پرچ و مل و مه‌مک و که‌مه‌ره‌کان له‌شی ته‌زاندبووی. له جێی خۆت له سه‌رپێ که‌وتیه سه‌ما. هه‌ڵپه‌ڕینێک له هه‌ڵپه‌ڕینی هیچ کامیان نه‌ده‌چوو. به‌وه دڵخۆش بووی ناڕێکی هه‌ڵپه‌ڕینه‌که‌ت سه‌رنجیان راکێشێ و هه‌رنه‌بێ ده‌ورێکت هه‌ڵپه‌ڕێنن. ژن و پیاوه‌کان شتێکیان به گوێی یه‌کدا ده‌چرپاند، قۆڵیان تێکده‌کرد و وه‌ده‌ر ده‌که‌وتن. بۆ ئه‌وه‌ی ئاخر که‌س نه‌بی له‌وێ بڕۆی، دار‌ت له دڵت دا و به‌ره‌و ماڵ بوویه‌وه. له ژووره چۆڵ و هۆله‌که‌تدا مۆته‌که و دێوه‌زمه‌ی ته‌نیایی چاوه‌ڕوانت بوو. حه‌زت ده‌کرد مه‌ودای به‌ره‌وماڵت له‌به‌ر یه‌ک بکشێته‌وه. ده‌ترسای رواڵه‌تی هه‌ست بزو‌ێنی ئه‌و ناسکۆڵانه‌ی سه‌مایان ده‌کرد، له به‌ر چاوت ون بن و له گه‌ڵ بیره‌وره‌رییه تاڵه‌کانت جێ گۆڕکێ بکه‌ن، ده‌ترسای له‌و نه‌هامه‌تیه‌ی به شانتدا هاتووه، باڵه خانه‌و کۆشکه‌کانی سه‌ر رێگه‌ت وه‌ک باڵه‌خانه‌کانی تیجاره‌تی جیهانی بڕووخێن و گۆره‌و شارت ده‌ن، یان کۆشکه داڕماوه‌کان رێگه‌ت بگرن و چوونه‌وه ماڵت لێ وه‌دره‌نگ که‌وێ. وه‌دره‌نگ که‌وتن به جه‌حه‌ننه‌م، ره‌نگ بوو به هۆی قژی ره‌ش و رووخساری گه‌ندومی، خۆت له به‌ر مێزی دادگایی کردنی ترۆریستان بدۆزیه‌وه. بۆ داسه‌پاندنی خه‌وێکی قورس په‌رده‌کان ده‌کێشی و گڵۆپی ژووره‌که ده‌کوژێنیه‌وه. خه‌وی تۆراوت بۆ ده‌سته‌مۆ نابێته‌وه. بیر له‌و رۆژانه ده‌که‌یه‌وه قوتابخانه‌ت ته‌واو کرد و بۆ زانستگا ده‌رنه‌چووی. رۆژانه رووبه‌ری شه‌قامه‌کانت تێک ده‌کرده‌وه. خۆت به دوکان و قاوخانه و مزگه‌وت و شوێنه گشتییه‌کاندا ده‌کرد. ئه‌وه‌ی له هه‌موو شوێنێک پتر سه‌رنجی راكێشابووی ئاوده‌سته گشتییه‌کان بوون. له هه‌رچاوه ئاوده‌ستێکدا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ داده‌نیشتی. سه‌رت له‌وه سوڕمابوو، خه‌ڵک بێجگه له به‌تاڵ کردنه‌وه‌ی زگیان ئه‌وه‌ی ده‌مێشکیشیان دایه هه‌ر له ئاوده‌سته کاندا هه‌ڵیده‌ڕێژن. کاتێ له ئاوده‌ست داده‌نیشتی له بیرت ده‌کرد بۆ چی هاتووی. دیواره‌کان نه‌خشی هه‌موو بیر و باوه‌ڕێکیان پێوه دیار بوو، بژی...، سڵاو له گیانی...، بمرێ...، سه‌رکه‌وێ...، بۆ پێشه‌وه به‌ره‌و...، چینی کرێکار یه‌ک گرن. خانمی"س" ژماره ته‌له‌فۆن...، هه‌رکه‌سێ ده‌یهه‌وێ خۆش رابوێرێ به‌م ژماره‌یه پێوه‌ندی بکات. وات لێهاتبوو ئاوده‌ستت له هه‌موو شوێنێک پێ خۆشتر بوو. چاوه‌یه‌کت جێ ده‌هێشت و که‌ڵکه‌ڵه‌ی دیتنی چاوه‌یه‌کی تر ده‌که‌وته سه‌رت. ئاوده‌ست به‌شی هه‌ره زۆری کاتی ژیانتی داگیر کردبوو. بێ ئه‌وه‌ی کاری ده‌سبه‌ئاو گه‌یاندنت هه‌بایه، له ناو ئاوده‌سته‌کان داده‌نیشتی. به‌ناو شیعاره‌کاندا ده‌گه‌ڕای. دڵه‌ڕاوکێی سه‌یر دایده‌گرتی. ئاخۆ سه‌ره‌داوی کام نووسراوه بگری. باشترین و سه‌ربڕترین رێگا ئه‌وه‌بوو به شوێن ته‌له‌فۆنی خانمی "س"دا بڕۆی. له کیوسکی ته‌له‌فۆنه گشتییه‌کانی ناو شاره‌وه ده‌ستت پێ‌کرد. گوشیه‌که‌ت هه‌ڵگرت. ئه‌نگوستت ساویه ژماره‌کان. پێنج، شه‌ش، دوو... دوود، دوود، دوود، ده‌نگێکی نێرانه له‌و به‌ر ته‌له‌فۆنه‌که وه‌ڵامی دایه‌وه: فه‌رموو... به‌ڵێ فه‌رموو... ئه‌لۆ... تا ئه‌و کاته‌ی زانیت ئه‌م ژماره‌یه بۆ چه‌واشه‌ی که‌سانی وه‌ک تۆ له ئاوده‌سته‌کان نووسراوه، به هه‌ڵکه‌وت چه‌ند ژماره ته‌له‌فۆنی ترت گرتبوون. ئافره‌تی ده‌نگناسک چه‌ند جاریش سوێر قسه وه‌ڵامیان دابوویه‌وه. ئه‌م ته‌له‌فۆنانه وایان لێکردی زۆرجاران له سه‌ر نۆبه‌ی کیوسکی ته‌له‌فۆنه‌کان ئامبازی چڕوچاوی هه‌رزه‌کاران بی. ده‌نگه ناسک و گه‌رم و باریکه‌کان وه‌ک ته‌زووی کاره‌با له‌شتیان ده‌هه‌ژاند. خه‌و و خۆراکت ببوه ته‌له‌فۆن. ئه‌و ده‌نگانه‌ی هه‌رگیز خاوه‌نه‌کانت نه‌دیبوون، هه‌ریه‌که‌و قه‌ڵافه‌تێکی کچانه‌ی به دڵی خۆتیان لێ ساز ده‌بوو. کچانی ده‌سکردی ده‌نگ. ئه‌مجاره‌یان به خه‌یاڵ هه‌موو ئاوده‌سته‌کانت به سه‌ر کرده‌وه. له سه‌ر شیعاری بۆ پێشه‌وه به‌ره‌و... له‌نگه‌رت گرت. تێکۆشان بۆ رزگاری خوێن و له خۆبوردوویی ده‌وێ. سه‌ردانان له پێناوی نیشتمان سه‌ربه‌رزییه و، پشووی درێژ و خۆڕاگری گه‌ره‌که. کاتی زه‌رده‌په‌ڕه. هه‌رکه تاریک دابێت، به هۆی زانیاریت له سه‌ر ناوچه‌که ده‌توانی خۆت له گه‌مارۆ ده‌رباز که‌ی و بگه‌ڕێیه‌وه باوه‌شی هاوسه‌نگه‌رانت. بۆنی توندی باڕووت و ویزه‌ی گولله و گیزه‌ی ئه‌و ته‌لیسمه به‌ردانه‌ی به زه‌بری گولله ده‌په‌ڕین و گه‌رم داهاتنی لووله‌ی چه‌کی ده‌ستت، به‌دی هێنه‌ری سووکه ترسێک بوون نه‌کا به‌ر له تاریکان بپێکرێی و وه‌ک دوێنێ ئێواره‌ی هاوڕێکه‌ت ته‌رمت بخرێته سه‌ر شانی ئه‌وانه‌ی ئێستا چاوه‌نواڕی گه‌ڕانه‌وه‌تن. ورده ورده تاریکیی شه‌وێکی هه‌وراوی راوی ئاخر په‌له‌قاژه‌ی رووناکیی خۆری به‌ره‌و ئاوابوونی ده‌نا. بۆ ماوه‌یه‌ک خۆت مه‌ڵاس ده‌ده‌ی. که ئه‌رخه‌یان بوون کوژراوی، دوور که‌وتنه‌وه. که ئه‌رخه‌یان بووی دوور که‌وتوونه‌ته‌وه، بۆ هه‌ستانه‌وه خۆت هاویشته سه‌ر ئه‌ژنۆکانت. به هۆی دانیشتنی سه‌رله نیوه‌ڕۆوه، قاچه‌کانت ته‌زیون. به زه‌حمه‌ت فێری رۆیشتنیان ده‌که‌یه‌وه. به ئه‌سپایی به‌ره‌و شوێنی دیاریکراو هه‌نگاو ده‌نێێ. فه‌رمانی وێستانت پێ ده‌درێت. وشه‌ی تێپه‌ڕێن ده‌ڵێی. له وه‌ڵامدا وشه‌یه‌کی تر ده‌بیسییه‌وه. به گوتنه‌وه‌ی جوابی وشه‌که ئیزنی تێپه‌ڕینت پێ ده‌درێ. دوای سه‌رژمێری، یه‌کێ له هاوڕاێیان وتاری بۆ دان: " ئێمه وازمان له ژیانی ئاسایی هێناوه. له به‌ر چاومانه وه‌ک دوێنێ ته‌رمی دۆستانمان به خاک ئه‌سپارد..." پرته‌و بۆڵه له ناو ئاپۆره‌که‌دا بیستنی وتاره‌که‌ی ئه‌سته‌م کردبوو. بۆت نه‌ده‌کرا به سه‌ر بیره‌وه‌رییه ناخۆشه‌کانتدا بازده‌ی و ئه‌وانی خۆشتر گۆڵبژێر که‌ی. به سه‌ر بیره‌وه‌رییه‌کی ناخۆشدا ده‌که‌وی: "تا ئه‌و ساته ده‌ریات نه‌دیبوو. له ناو ده‌ریاوه تا چاو هه‌ته‌ر ده‌کا دنیا شین ده‌چێت. ئه‌و شیناییه له دوورترین شوێن له گه‌ڵ شینایی ئاسماندا تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه و وا دێته به‌رچاو ئاسمانیش هه‌ر ده‌ریایه. کاتێک قاچاخچییه‌کان ترسیان له پاسه‌وانانی سنوور بڕا، ئیزنیان دا بۆ نوێکردنه‌وه‌ی پشوویه‌ک له بن بار و به‌رمیل و ئاسنه‌واڵه‌و فه‌رده ئاخنراوه‌کان بێنه‌وه‌ده‌ر و بۆ چه‌ن ساتێک چاویان به ده‌ریا بکه‌وێ". ئه‌و شه‌وه‌ی له باڕه‌که گه‌ڕایه‌وه، خه‌و له چاوانت زڕا. له‌م ژووره‌ی به ناوی یه‌کێک له دۆستان به‌کرێت گرتبوو، تا کازیوه‌ی به‌یانی به دیار خه‌ون و ختووره‌و بیره‌وه‌رییه کۆنه‌کان و ترسێکی گران له داهاتوو گینگڵت ده‌دا. زه‌نگی ده‌رگاکه له حه‌ژمه‌ت ته‌وژمی قامکی قورسی نه‌ناسراوێک زریکاندی. ده‌رگات کرده‌وه. هه‌ردووکیان پێناسه‌یان پێشان دای: "فه‌رموو بۆ ئیداره‌ی پۆلیس." به‌ر له‌وه سواری فڕۆکه بی، خۆت له مابه‌ینی ئاسمان و زه‌ویدا دۆزییه‌وه. به‌ر له فڕین فڕیبووی. فڕین به‌ره‌و شوێنێکی ون، به‌ره‌و بۆشایی، به‌ره‌و هه‌ڵواسران له به‌ینی ئاسمان و زه‌ویدا. له بۆشاییه‌کدا که سه‌نگ و قورسایی نامێنێ. قاچ و ده‌ست و هیچکام له ئه‌ندامه‌کانی له‌ش توانای جووڵانه‌وه‌یان نابێ و ده‌سه‌ڵات له بچووکترین مانای خۆیدا بێ مانایه. له مابه‌ینی خه‌و و بێداریدا ده‌نگی "میواندار"ی فڕۆکه ده‌بیسی: "پشتێنه‌کانتان ببه‌ستنه‌وه، ئه‌وه‌نده‌مان نه‌ماوه بگه‌یه‌نه فڕکه‌خانه، فڕۆکه داده‌به‌زێت." داده‌چڵه‌کێی، وه‌ک ئه‌وه گۆزه‌یه‌ک ئاوی ساردت پێدا کرابێ، هه‌ناسه‌ت سوار ده‌بێ و ژان ئه‌ندامه‌کانی له‌شت داده‌گرێته‌وه. پێستی له‌شت ده‌زووله ده‌کا. سه‌ر و پۆته‌ڕاکی شێواو و چرچ و لۆچیی روومه‌تت له سه‌ر له‌ته شووشه‌کانی ناو زبڵوزاڵه‌که قێز و بێزت ده‌ورووژێنن، چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی زبڵه‌که قیزت له خۆت ده‌بێته‌وه. کۆی کۆنه‌په‌رۆ و له‌ته مقه‌باو شووشه شکاوه‌کان ئه‌وه‌نده‌ی تر ده‌شێوێنی.